سەفەرنامە:
لەمێژ بوو لێرو ولەوێ، ناوی مامۆستا “ئەبوبەکری حەسەن زادە"م بیستبوو، ساڵی ۱۳۷۰ی هەتاوی کە لەمەهاباد لە خزمەت مامۆستا مەلا ئەبوبەکری موحەممەدکەریمی فەقێ بووم، مامۆستا جارجار، بەسەردان تەشریفی دێناو لە نزیکەوە بە خزمەتی دەگەیشتین، پیاوێکی جوان چاک، بەژن و باڵای مامناوەندی، خاکەڕا و بەدوور لە فیزوو دەمار بوو.
جاڕێکی تریش وابزانم هاوینی ساڵی ۱۳۷٨ی هەتاوی بوو لە شاری بۆکان بەخزمەتی گەیشتم، کە بۆنەهار ئەم مامۆستایانە میوانی خوالێخۆشبوو مامۆستا “مەلا ساڵح باستانی”بوون؛ واتە: خوالێخۆشبووان، حاجی مامۆستا “مەلا موحەممەد بوداغی”، باوکم(حاجی مامۆستا مەلا سەیید موحەممەد واژی)، کە هەردەک لەسەفەری سنە دەگەڕانەوە، منیش ئەوکات ماڵم لە بۆکان بوو، مامۆستا “مەلا عەلی عالمی”، خوالێخۆشبوو مامۆستا “مەلا ئەبوبەکری حەسەن زادە” مەرحومی “حاجی سمایلاغای ئێلخانی زادە(وەزیری ڕێگاوبانی جومهوری کوردوستان) و مامۆستا “مەلا عوسمان ئەکابریان”. زۆر بابەتی زانستی و کۆمەڵایەتی لەنێوان ئەم مامۆستا بەڕێزانە تاوتوێ و ئاڵوگۆڕکرا، جیاوازی بیروو و ڕاو، نەبۆ هۆی دڵڕەنجان، پانتایەکی مەعنەوەی بەسەر کۆڕەکەدا زاڵ بوو، لەبیرمە سەبارەت بە شیخ الاسلام ابن تیمیە پرسیار لە حاجی مامۆستای بوداغی کرا کە بیروڕات چییە؟ حاجی مامۆستای بوداغی زۆری تاریفی لە ابن تیمیە (رحمه الله) کردوو فەرمووی: ڕەنگە من هەندەک بیروڕای ویم قبووڵ نەبێ، بەڵام نکولی لە زانایی و خزمەتی ئەم گەورە پیاوە بە دنیایی ئیسلام ناکرێ، لەم دانیشتنە زانستییە، لەخزمەت ئەم گەورە پیاوانە دنیایەک بەهرەی هەبوو، ئەوکات مامۆستا مەلا ئەبوبەبەکر لە تەورێز فەرمانبەری ئەوقاف بوو، خۆزیا دەنگ هەڵگروو فیلمبەردارێک هەبا تا ئەم کەش و هەوایەی بۆ جیلی دوایی خۆی تۆمار و ڕادەستی کردبا. لەوێ لەگەڵ کەسایەتی و خاکەڕایی و ڕاددەی زانستی مامۆستا مەلا ئەبوبەکر چاتر ئاشنابووم؛ بەڵام زیاتر مامۆستام لە ڕێگەی کتێبەکانی بەتایبەت وەرگێڕانی دوو کتێبی “حلال و حرام در اسلام” مەرحوم دوکتۆر قەڕزاوی وکتێبی “روح الدین الاسلامی” عەفیف تەباڕە و لەم دواییانەشدا بە کتێبی“اللولو والمرجان” ناسی.
کەسایەتی مامۆستا:
لێرەدا نامهەوێ ژیانی(۱۳۱۷ ـ ۱۴۰۲شمسی) مامۆستا بنوسمەوە تەنیا ئاوڕدانەوەیەک لەسەر کەسایەتی و چەند تایبەتمەندی مامۆستا کە بەڵکە ببێتە هەوێن و ئەزموون بۆ ڕێگای چالاکانی زانستی و ئەدەبی:
۱ـ مامۆستا وەرگێڕەکی بەتوانا بووە، من هەست دەکەم وەرگێڕانی مامۆستا لەدوورەوە دیارە، لە ئاهەنگ و داڕشتنی وەرگێڕانەکە، مامۆستا تەنیا وەرگێڕ نەبوو نوسەرێکی باشیش بوو. کاری لەسەر دەکرد ڕەنگ و بەرامەی ئەدەبی پێدەدا، هەر لەکۆڵەخۆکرنەوە نەبوو، ڕێکی دەکوشی، لولی دەدا، دەی چۆڕاندەوە، هەڵی دەخست، چەند جار ئەودیوو ئەو دیوی پێ دەکرد، تا خوێنەر بۆم و بەرامەی خۆی لێ بچێژێ، ماندووی نەکا، دەستی لێ هەڵنەگرێ، لەگەڵی ببێتە هاودەم، وای هۆگر بێ، نەکا لەدەستم بچێ. ئەگەر چاو لە پێشەکێکانی مامۆستا بکەی چاتر هەست بەم ئەدەبیاتەی دەکەی.
۲ـ مامۆستا پیاوێکی تا خودا حەزبکا خاکەڕاو و بە ئەخلاق بوو. هەرکەس جارێ دیتباری پاوێر(شیفتە)ی ئەخلاقی دەبوو کە زۆرێک لەم کەسانەی لەسەر مامۆستا دواوون باسییان لەمبەشە بەرچاوەی کردووە.
۳ـ مامۆستا یەکەم کەس بووە لە کوردوستانی ڕۆژهەڵات کە گرینگێکی زۆری بە فەرمووە(حدیث) داوە؛ چ بەشێوەی وەرگێڕان بێ و چ بە شێوەی لێکۆڵینەوە؛ وەک: ئەم چوار ئاسەوارە: اللولو والمرجان، التجرید الصریح لاحادیث الجامع الصحیح، التاج الجامع للاصول فی احادیث الرسول.
۴ـ تا ئەو جێگایەی من دیومە مامۆستا کۆک و پۆشتە بە لیباسی ڕەسەنی کوردی (موکریانی) بووە.
۵ـ مامۆستا یەکێ لەم شێست کەسانە بووە کە دورخراونەتەوە بۆ دامەغان و یەکێ لە پێنج مەلایانە بووە. واتە: لەم دورخستنە پێنج مامۆستای ئایینی لەگەڵ بوون کە بریتی بوون لە خوالێخۆشبووان: مامۆستا مەلا مەحموود سالکی، مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای ئەحمەدیان، مامۆستا مەلا سەلیم عەباسی، مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای ماوەڕانی و مامۆستا مەلا ئەبوبەکری حەسەن زادە، کە بۆ ماوەی بیست مانگ دورخرانەوەتەوە.
۶ـ مامۆستا وەک مامۆستاکانی تر لە حوجرە بۆ زانستگا نەچۆ ڕیشتەی زمان و ئەدەبیاتی عەڕەب یا زانستی قوڕئان و فەلسەفە، بەڵکە ڕیشتەی کۆمەڵ ناسی هەڵبژادوو و درێژەی پێدا، کە ئەمە دەگەیەنێ مامۆستا پێی وابووە جیا لە زانستی ئاینی، دەبێ شارەزایشی پەیدا بکا بەسەر بەشی کۆمەڵناسیشدا.
۶ـ مامۆستا خەتیکی خۆشی هەبووە.
۷ـ مامۆستا هەستێکی پاکی نیشتیمانی دۆستی هەبووە، کە ئەم هۆنراوەی مامۆستا، جوانی دەردەخا، کە کاک ئەحمەد عزیزی ـ زاوای مامۆستا ـ زەحمەتی کێشاوە و بۆی ناردم کە هێوادارم هۆنراوەو و کارە ناتەواوەکانی مامۆستا بە زوویی بخرێنە بەرچاوی خوێنەران. مەخابن! مامۆستا ژیاننامەی خۆی _وەک زۆرێک لە نوسەرانی کورد _ نەنوسیوتەوە، بەڵام بەختەوەرانە کاک ئەحمەد عەزیزی زەحمەتی کێشاوەو وتووێژی چەند ساعەتی لێی تۆمار کردووە، کە هیوادرین پیادە بکرێ و بێتە نێودلاقەی مێژووی گەلەکەمان. ئەمە ئێوەو و ئەمەش ئەم هۆنراوەی خوالێخوشبووی مامۆستا:
وێنە:
وێنە لە دوای من، ئەتۆ دەمێنی
ناتوانی چۆن بووم، وەهام بنوێنی
کوا سەفای دەروون، کوا هەستی بەتین
کوا گێژاوەی ژین، کوا ورەی پۆڵایین
کوا تووڕەیی و ڕق، لە زاڵم و زۆردار
کوا پەژارە و غەم، بۆ گەلی هەژار
بەڵام لە دوای من، ئەتۆ بمێنە
موژدەی سەربەستی، گەلم بۆ بێنە
ئەو کات بەئارامی، سەردەنێموە
بۆ هەتاهەتا، دەحەسێمەوە
غەریب نامێنم، لە ماڵی خۆم دا
نەفیز دەوڵەمەند، نە کڕووزەی گەدا.
ئاماژە:
الف): مامۆستاو دوکتۆڕ مەحمودی ئیبڕاهیمی و دوکتۆر موستەفا خۆڕڕەم دڵ، سێکۆچکەی زانایانی موکریان بوونە لە مەڵبەندی ئەڕدەڵان، تا ئەو جێگایەی بۆیان ڕەخساوە خزمەتیان بە ئایین و نیشتیمان گەلی خۆیان لەبیر نەکردووە، چ لە زانستگابێ چ لە حوجرە ئاینێکان. ئەم سێ کەسە زۆر خۆشەویستی خەڵکی سنەو مەڵبەندی ئەڕدەڵان بوونە ڕێزی تایبەتیان بۆگیراوە.
ب): لێرەوە دەبێ دەستخۆشی بکرێ لە مامۆستا مەلا عەبدوڕڕەحمانی یعقوبی بەرپرسی بڵاڤگۆی ئیحسان لە تاران کە زیاتر ئەم سێ کەڵەپیاوەی کوروستانی ڕۆژ هەڵاتی بە خەڵک و دنیای دەرەوە ناساند.
بەرەو بۆکان و بەشداری لە کۆڕێ پرسە:
خۆێنەری هێژا! ڕۆژی هەینی، کۆچی دوایی مامۆستام لە تۆڕە کۆمەڵایەتێکان دا دیت. دوو ڕۆژ دواتر هەواڵم زانی، پرسەو سەرە خۆشی مامۆستا، ڕۆژی یەکشەنبە لە شاری بۆکان بەڕێوە دەچێ. بەیانی(٨ی خەزەڵوەری ۱۴۰۲ی هەتاوی) کاتژمێڕ ۹و بیست خولەک، هاوڕێ لەگەڵ مامۆستا مەلا عوسمانی دانیشی بەم بۆنەوە بڕیارمان دا ئەگەر نەشمان توانیوە بچینە سنە، لانی کەم بچینە شاری بۆکان، بەیانی زوو خۆمان پێچاوە، سەرەتا بەر لە وەڕێ کەوتن، چوینە مزگەوتی موحەممەدڕەسولو اڵڵای (د. خ)پشتەپ بۆ کۆڕی سەرەخۆشی سیاوەش مودەرریسی کە دۆنێ پێش نیوەڕۆیە، لە نزیکی وسووکەندی مەهاباد لە گاردرێلی جاددەی داووەو و کۆچی دوایی کردووە، دەیان گووت سیاوەش، بەیانی چوار کەڕەت باوەشی بەدایکی داگرتووە و گوتویەتی دایە دەچمە نەغەدەو دەگەڕێمەوە، بەداخەوە لە گەڕانەودا توشی ئەم روداوە دڵتەزێنە بووە، لاوێکە، دڵت نایە پڕ بەچاوان تەماشای کەی. پێرێش جەوانێکی تر بە ڕوداوی هاتوو چۆ فەوتی کرد، ڕۆژ نیە لەو سابڵاغە، بەڕوداوی ماشێن لاوەکانمان لەدەست نەدەین، دوای فاتیحا خوێندێنک، چوینە خزمەت مامۆستا مەلا عومەر مودەرریسی کە ئیجازەمان بدات دەچینە سەرەخۆشی مامۆستا مەلا ئەبوبەکری حەسەن زادە لە بۆکان.نزیکی دەو بیست خولەک وەڕێ کەوتین، ئەم جار لێخوڕی ماشین مامۆستا دانیشی نەبوو، کاک “شەفیع”کوڕی بوو. یاخوا! خوا دەستی دەعمری گرێ و بی پارێزێ! ئەوندەی لەسەر دڵانە، ئەوندەش لە لێخوڕین بە پەلەیە؛ گوتم کاکە سەبر بڕوو، هێندەی لەزاری خۆشە کاکە مەلا مەترسە! ئەوە ڕێگای شەو ڕۆژی منە، بەقسەی ئاسایی و غەم خواردن بۆ جێگەو پێگەی مامۆستایانی ئایینی درێژەن بە ڕێگە دا. دیارە، زۆتری قسەکانمان دردی دڵ بوو، کاک “شەفیع دانیشی” دەیکووت من زۆرتر لە ئێوە لە نێوکۆمەڵگا دامە، کۆمەڵگای کوردەواری چاوەڕوانی خزمەتی زیاتری لە ئێوە دەوێ.
لە قەرەبڵاغ وەسەرکەوتین و گەینە ڕۆکاری قەمتەرێ و لەوێ بۆ عیساکەند دیم کەلاکی چەند حوشترمرخ بۆ فرۆشتن هەڵاوەسرابوو و چەنددانەی تریش، لە لیس دا چاوەڕێی کڕیاڕو و کوشتنەوەدابوون. ڕوکاری دی عیساکەند، دیمەنی سرنجڕاکێشەری کۆتەڵ و پەیکەری داتاشراوی پیاو و ژن، داب و نرێتی بووک گواستنەوەی کوردەواری بوو، ببوو پێشانگە و سەیرانگای ڕێبواران، هەتا هەندەکم چاو لەم کۆتەڵانەکرد، لە بەرقەدی وەتەمیش هەڵکشاین و گەینە ڕێگای شەڕەفکەند و خانەقای شێخی بوڕهان، تا وامان کرد گەینە سێوەدینی خوارێ کە کاتی خۆی لەوی مەلا بووم تا هەندەکم بیر لێ کردەوە، ئای سێوەدین لە هەمووی بۆ من بیرەوەری هەڵدەقوڵێ، گەینە ئەختەتەر و ڕوکاری شێخلەر و بۆکانمان لێ وەدەر کەووت.
بەڵێ! کاتژمێر ۱۱و ۴۰خولەک گەیشتینە ئەم مزگەوتەی کە پرسەکەی لێدانرابوو ئێعلامیەی سەرەخۆشێکە بەکوردێکی جوان و ڕێک و پێک نوسرابوو و لەتابڵۆی مزگەوت درابوو. پێمخۆشبوو ئیعلامییکەی سنەش هەر بە کوردی نوسرابا، بەڕاستی بۆ زیندووڕاگرتنی زمانی خۆمان دەبێ لەهەموو وزەیەک بۆ هەڵدان و پەرەسەندنی زمانی زکماکی کەڵک وەرگرین.
ناوی مزگەوتەکە “محەمەدەلمستەفا” پێشنوێژوو وتارخۆێنی مزگەوت، مامۆستای خۆشەویست “مەلاعەوڵای ئەسعەدی”بوو.مزگەوت خەڵکێکی زۆری لێ بوو، مامۆستا مەلا حوسەین موحەممەدکیا وتاری دەدا، پیشکیشکاری کۆڕەکە مامۆستا مەلا ئەبووبەکر بوو، خەڵکەکە زۆر بەجوانی گۆبیستی وتارەکە بوون، بەڵام ئەوەی بەلامەوە سەیر بوو وەک گازەندەیەک لە بنەماڵەی مامۆستا، نە دوربینی فیلمبەرداری نە تۆمار کردنی وتار بەدەنگ، نەخرابوونە بەرچاو؛ ئەگەر هەڵناسورێ هەمایش و کۆبوونەوەیەک ساز بکرێ بۆ ئەم کەسایەتیانە، لانی کەم دەکرا ئەم کۆڕانە وەک کۆنگرەیەک لەسەر کەسایەتی مامۆستا بژمێردرێ و کەڵکی خۆی لێ وەرگیرێ، مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە، لە تەنیشتم بوو گوتی پێش مامۆستاش دوکتۆر خەدیو زۆر جوانی قسەی کرد. دوای ئەم بیست خولەکە، کاتژمێڕ بۆ دوازدە و بستنی کۆڕەکە لەلایان پێشکێشکار ڕاگەیەندرا تا دانی دوای نیوەڕۆ.
مزگەوتی شەهرەک:
ئەم مزگەوتە هەڵکەوتوو لە گەڕەکی شەهرەکی فەرهەنگیان(بۆکان)، مزگەوتەکە تا خوا حەزکا خۆشە، چوون هەڵکەوتەیی جوغڕافیایی لەسەر دو شەقامانە، جێ وەستانی ماشێنی زۆرە، ئەم مزگەوتە بەلامەوە پەسەندە چوون؛ بەخشتی سازکراوە، بە شێوازی گومبەزی هاتۆتەوە و لەسەر کۆڵەکەی بەردی داتاشراو داڕێشتراوە، کە له شێوەی مزگەوتی جامیعەی شاری بۆکان و تا ڕاددەیەکیش حەمامیان دەچێ، بەڵام من دو سێ ئیرادی تێدا دەبینم؛ یەکەم: مزگەوتەکە گەورەیە کەس وێک ناکەوێ. بەڵام هەتا یەکێک دەبینێوە دەبێ چەند کەڕەتان ملت بەولاو بەولای دا بادەی، بزانی ئەرێ فڵانی نییە لێرە، یا ئەوە کێیە؟ مەوادای کۆڵەکەکان کەمە، دەکرا کۆڵەکەکان ئەستورتربان و گومبەزەکە گەورەتر، دوهەم: خواروخێج(قناس) بوونی، کە زووریش بەرچاو بوو. لە مەهابادیش مزگەوتی دارالسلام وایە، مزگەوتەکە دەکرا وەک چوار گۆشە یا درێژۆکە(مستطیل) ساز کرابا ڕەنگە بگوترێ هەروا هەڵدەکەووت، یا وادیارە لەدوو فازدا سازکرابێ! ڕاستە! بەڵام فەزای مردووی زۆر بوو لەپێشەوە، دەکرا هاتبانە پێشە بۆلای میحڕابەکەی کە پانتایەکی زۆرتری هەیە و کراوەتە حەسار. سێ: دەرگای فەرمی چوونە ناو مزگەوت نزیکی لای دیواری میحڕابە.
چوار: لە هەندەک کۆڵەکەی نوسراوە تۆزێک خوار ڕاوەستە، دیارە قیبلەکە ڕێک نییە. یەک شتم بەلاوە حەیف بوو کە دیوی ژورێ بە سپیکار، خشتەکەی شاربۆوە، دیسان هەمووی مزگەوت گومبەزی نەبوو. هەرچەند بۆم نەکرا بچمە سەرێ دەنا گوتیان لەسەرێ مزگەوتەکی گەورەو و قەڕائەت خانەی لێێە. خۆزیا حوجرەی فەقێیانیش لە تەنیشتی ساز کرابا. دوای ماڵاوایی لە بنەماڵەی مامۆستا حەسەن زادە، بەپێی بڕیاری پێشوو بۆ ژەمی نیوەڕۆ چووینە ماڵە حاجی مامۆستا مەلا حوسەین حەدیسی لەدوایش دا حاجی مامۆستا مەلا سەیید ئەحمەد حوسەینی و مامۆستا مەلا نەجمەددین خزری تەشریفیان هێنا. بۆ نۆژی نیوەڕۆ چووینە مزگەوتی حەزرەتی موحەممەد(د. خ) هەڵکەوتوو لە شەقامی شەهامەت. مزگەوتەکە تازە نۆژەن کرابۆوە زۆر بڵێندوو گەورەو سێ کۆڵەکەی هەبوو دیوارەکانی چیمەن تۆبوو. کە من ئەم مێعمارییە بۆ مزگەوتان بەشایان نازانم، بیرەوەڕێکم هاتەوە بی کاتی خۆی من لە بۆکان بووم دوکانێکی چکۆلەم لە مەجبوراوایە هەبوو، بەڕێز موحەممەدخانی بابامیری کە خزمە و زۆری پێخۆشبوو ببمە مەلا. وابزانم ساڵی ۷٨ی هەتاوی کە موحەممەدخان بەرپرسی ئیدارەی برقی بۆکان بوو ناردی لە دووی کەیخودای ئەممزگەوتە کە تازە سازکرابوو و منی پێ ناساند کەیخوداکەش گوتی با بۆ نۆژی هێوارێ بێتە مزگەوتێ و جەماعەتێ بکا و منیش خەڵکی کۆدەکەمەوە، نۆژی هێوارێ من و کاک سولەیمان بابامیری چوین نۆژی هێوارێم بە جەماعەت بۆ کردن و هەندەکم قسەکرد، ئیدی نازانم چۆن بوو جێ بەجێ نەبوو. بەڵێ! پێمسەیر بوو دوازدە و بیست وهەشت خولەک لەم مزگەوتە بانگی نیوەڕۆی درا! گوتیان لێرە لە بیست و چوار خولەکیش بانگی نیوەڕۆ دەگوترێ. ئەمە لە حاڵێک دایە لە مەهاباد لە دوازدە و سیوپێنج خولەک نایەت خوارێ. من زاراوەی بۆکانیم زۆر پێخۆشە لە کاتی چوونەدەر لە مزگەووت، حاجێک گوتی تۆ دینت وەرنەوە ماڵی ئێمە. تۆ دینت جۆرێک لە سوێنددانە لە لەم دەڤەرەی بۆکان.
کۆڕی پرسەی مامۆستا:
دوایە لە مامۆستا مەلا “عەبدوڵڵا حەسەن زادە”پێشنوێژ و وتار خوێنی مزگەوتی تەنعیمی بۆکانم پرسیار کرد کە وتار خوێنیانی بەیانی و دوای نیوەڕۆیە کێ بوون؟ سەرتا، زۆری تاریف لە وتارەکان و لێدوانی بێژەران ئەم کۆڕە کرد. لەدرێژەدا ئاماژەی بە ناوی وتاربیژان کرد. دەبێ ئەوەش بڵەم کە دوایە پرسیم کە بەداخەوە نەک فیلمبەرداری، بەڵکە بە دەنگیش وتارەکان تۆمار نەکرابوون!.
وتاربێژانی پێش نیوەڕۆ:
مامۆستا مەلا ئەبوبەکری موحەممەد کەریمی (مەهاباد)
مامۆستا مەلا موحەممەدفیکری (سەقز)
دوکتۆر سەلاحەددین خەدیو (مەهاباد)
مامۆستا مەلا حوسەین موحەممەد کیا (بۆکان)
دوانیوەڕۆ:
مامۆستا سەید عومەر ڕۆستەمی (بۆکان)
کاک ناسری عەلیار (بۆکان)
کاک ئەحمەد عەزیزی (سەقز)
دوکتۆر جەماڵ حەسەن زادە (سنە) کوڕی خوالێخۆشبووی.
مامۆستا مەلا عەلی عالمی (بۆکان)،
دوکتۆر جەعفەری حەسەن زادە (سنە) برازای مەڕحومی مامۆستا
پێشکێش کاری ئەم کۆرە مامۆستا مەلا ئەبوبەکری ساڵحی بوو.
تا سەفەروو دیدارێکی تر بە خوا تان دەسپێرم
بۆچوونهکان